دووەم ساموئێل

Chapter 8

1 ئەوە بوو پاش ئەمە داود فەلەستییەکانی بەزاند و زەلیلی کردن، مەسەگ ئەممای لە فەلەستییەکان سەند.

2 هەروەها داود مۆئابییەکانیشی بەزاند. ئەوانی لەسەر زەوی پاڵخست و بە گوریس پێوانەی کردن، بە پێوانەی دوو گوریس خەڵکەکەی کوشت و بە پێوانەی گوریسێکیش خەڵکی بە زیندوویی هێشتەوە. ئینجا مۆئابییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا.

3 هەروەها داود هەدەدعەزەری کوڕی ڕەحۆڤی پاشای چۆڤای بەزاند، کاتێک چوو بۆ ئەوەی تاشەبەردەکەی یادەوەری لە کەناری ڕووباری فورات نۆژەن بکاتەوە.

4 داود هەزار گالیسکە و حەوت هەزار گالیسکەسوار و بیست هەزار پیادەی بە دیل گرت، ئینجا داود جومگە پێی ئەسپی گالیسکەکانیانی بڕییەوە و تەنها سەد ئەسپی گالیسکەی هێشتەوە.

5 کاتێک ئارامییەکانی دیمەشق بۆ یارمەتیدانی هەدەدعەزەری پاشای چۆڤا هاتن، داود بیست و دوو هەزار پیاوی لە ئارامییەکان کوشت.

6 ئیتر داود لە شانشینی ئارامییەکانی دیمەشق سەربازگەی دانا، ئارامییەکانیش هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا. داودیش ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.

7 پاشان داود قەڵغانە زێڕینەکانی ئەفسەرەکانی هەدەدعەزەری برد و هێنایە ئۆرشەلیم.

8 هەروەها داودی پاشا بڕۆنزێکی زۆریشی لە تەڤەح و بێرۆتەی برد کە شارۆچکەی هەدەدعەزەر بوون.

9 کاتێک تۆعوی پاشای حەمات بیستی کە داود هەموو سوپاکەی هەدەدعەزەری بەزاندووە،

10 یۆرامی کوڕی نارد بۆ لای داودی پاشا بۆ ئەوەی لە سەلامەتی بپرسێت و پیرۆزبایی لێ بکات کە لەگەڵ هەدەدعەزەر جەنگاوە و بەزاندوویەتی، چونکە هەدەدعەزەر لە جەنگدا بوو لە دژی تۆعو. یۆرامیش لەگەڵ دەستی خۆیدا کەلوپەلی زێڕ و زیو و بڕۆنزی هێنابوو.

11 داودی پاشا ئەمانەشی بۆ یەزدان تەرخان کرد لەگەڵ ئەو زێڕ و زیوانەی کە دەستی کەوتبوو لە هەموو ئەو نەتەوانەی ژێردەستەی کردبوون:

12 لە ئەدۆم، مۆئاب، عەمۆن، فەلەستی و عەمالێق. هەروەها ئەو دەستکەوتەشی تەرخان کرد کە لە هەدەدعەزەری کوڕی ڕەحۆڤی پاشای چۆڤا دەستی کەوت.

13 داود پاش گەڕانەوەی لە کوشتنی هەژدە هەزار ئەدۆمی لە دۆڵی خوێ ، ناوبانگی بڵاو بووەوە.

14 لە هەموو خاکی ئەدۆم سەربازگەی دانا و هەموو ئەدۆمییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود. داود ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.

15 داود پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد، دادپەروەری و ڕاستودروستی بۆ هەموو گەلەکەی پەیڕەو کرد.

16 یۆئابی کوڕی چەرویاش سوپاسالار بوو؛ یەهۆشافاتی کوڕی ئەحیلودیش تۆمارکار بوو؛

17 سادۆقی کوڕی ئەحیتوڤ و ئەحیمەلەخی کوڕی ئەبیاتار کاهین بوون؛ سەرایا خامەی نهێنی بوو؛

18 بەنایای کوڕی یەهۆیاداع فەرماندەی کریتی و پەلەتییەکان بوو؛ کوڕەکانی داودیش ڕاوێژکاری پاشا بوون.