Chapter 28
1 زیو کانی هەیە و بۆ زێڕیش شوێنێک هەیە بۆ پاڵاوتنی.
2 ئاسن لە خۆڵ دەردەهێنرێت، مسیش لە توانەوەی بەرد.
3 مرۆڤ کۆتایی بە تاریکی دەهێنێت؛ لەناو تاریکی سێبەری مەرگ بۆ بەردی کانزایی دوورترین کون و کەلەبەرەکان دەپشکنن.
4 کانێکی لێدا دوور لە خەڵکی، لە شوێنێکی لەبیرکراو لەلایەن ڕێبوارانەوە؛ شۆڕ کرانەوە و دوور لە خەڵکی جۆلانەیان پێکرا.
5 زەوی ئەوەی کە نانی لێوە دەردەهێنرێت، لە ژێرەوە دەگۆڕدرێت بە چەشنی ئاگر؛
6 بەردەکانی یاقووتی شینی تێدایە و لە خۆڵەکەیدا زێڕ هەیە.
7 ڕێگایەک کە مەلە گۆشتخۆرەکان پێی نازانن و چاوی هەڵۆ نایبینێت.
8 ئاژەڵە دڕندەکان پێیدا نەڕۆیشتوون، شێر پێیدا تێنەپەڕیوە.
9 مرۆڤ دەستدرێژی دەکاتە سەر بەرد، بنکەی چیاکان دەردەخات.
10 لە تاشەبەردەکان تونێل دەکات؛ چاوەکانی هەموو شتێکی گرانبەها دەبینێت.
11 ئاودزی ڕووبارەکان دەپشکنێت و ئەوەی شاراوەیە دەیخاتە بەر ڕووناکی.
12 بەڵام دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟
13 مرۆڤ نرخەکەی نازانێت و لە خاکی زیندوواندا نادۆزرێتەوە.
14 قووڵایی ژێر زەوی . دەڵێت: «لەناو مندا نییە،» دەریا دەڵێت: «لەلای من نییە.»
15 دانایی نە زێڕی بێگەرد لە جیاتی دەدرێت و نە بە زیویش نرخەکەی دەکێشرێت.
16 نە بە زێڕی ئۆفیر و نە بە بەردی عاشقبەندی گرانبەها و نە بە یاقووتی شین دەکێشرێت.
17 نە زێڕ و نە بلور هاوتایەتی، نە بە دەفرێکی زێڕی بێگەرد دەگۆڕدرێتەوە.
18 لە پاڵ ئەودا نە مەرجان و نە یەشب باسیان ناکرێت و نرخی دانایی لە یاقووت بەهادارترە.
19 یاقووتی زەردی کوش هاوتای نابێت و بە زێڕی بێگەرد ناکێشرێت.
20 ئیتر دانایی لەکوێ دەدۆزرێتەوە و تێگەیشتن لەکوێ نیشتەجێیە؟
21 لەبەرچاوی هەموو زیندووێک شاراوەیە و لەبەرچاوی باڵندەکانی ئاسمان داپۆشراوە.
22 لەناوچوون و مردن دەڵێن: «بە گوێی خۆمان هەواڵی ئەومان بیست.»
23 خودا ڕێگاکەی تێدەگات و ئەو شوێنەکەی پێ دەزانێت.
24 لەبەر ئەوەی ئەو تەماشای ئەوپەڕی زەوی دەکات و هەموو ژێر ئاسمان دەبینێت.
25 کاتێک کێشی بۆ با دروستکرد و ئاوەکانی بە پێوانە پێوا،
26 کاتێک بۆ باران یاسای دانا و بۆ دەنگی هەورەتریشقەش ڕێگا،
27 ئەو کاتە دانایی بینی و باسی کرد، ئامادەی کرد و هەروەها تاقی کردەوە.
28 بە مرۆڤی فەرموو: «بێگومان دانایی لە لەخواترسییەوەیە و لە خراپە لادانیش لە تێگەیشتنەوەیە.»
