Chapter 11
1 نان بدە بە دەم ئاوەوە، چونکە لە پاشەڕۆژدا دێتەوە ڕێگای خۆت.
2 بەش بدە بە حەوت کەس، بەڵێ، بە هەشتیش، چونکە نازانیت چ کارەساتێک لەسەر زەوی ڕوودەدات.
3 ئەگەر هەور پڕبێت، باران بەسەر زەویدا دەبارێنێت. ئەگەر دارێک بەرەو باشوور بکەوێت یان بەرەو باکوور، ئەو شوێنەی دارەکەی لێ دەکەوێت، لەوێ دەبێت.
4 ئەوەی چاوی لە با بێت ناچێنێت، ئەوەی سەیری هەور بکات دروێنە ناکات.
5 هەروەک نازانیت کامە ڕێگای بایە، یان چۆن کۆرپەلە لەناو سکی دایکیدا شێوەی دەکێشرێت، بە هەمان شێوە ناتوانیت لە کارەکانی خودا تێبگەیت، کە هەمووان دروستدەکات.
6 سەر لە بەیانی تۆوی خۆت بچێنە، سەر لە ئێوارەش دەستت شل مەکە، چونکە نازانیت کامیان سەوز دەبێت، ئەم یان ئەو، یان بەرهەمی هەردووکیان وەک یەک باش دەبێت.
7 ڕووناکی شیرینە و باشە بۆ چاوان کە خۆر ببینێت.
8 ئەگەر مرۆڤ تەمەنێکی درێژ ژیا، با بە هەمووی دڵخۆش بێت. بەڵام با ڕۆژانی تاریکی لەبیربێت، چونکە زۆر دەبێت. هەموو ئەوەی دێت بێ واتایە.
9 ئەی لاو، لە سەردەمی گەنجیێتیت شادمان بە، با لە ڕۆژانی لاویێتیت دڵت خۆش بێت. بە ڕێگای دڵی خۆت و بە بینینی چاوەکانتدا بڕۆ، بەڵام بزانە کە لەسەر هەموو ئەمانە خودا دەتهێنێت بۆ حوکم بەسەردادان.
10 پەستی لە دڵت داماڵە و خراپە لە لەشت دووربخەوە، چونکە نەوجەوانی و گەنجیێتی بێ واتان.
