Chapter 45
1 «یەزدان بەم شێوەیە بە کۆرشی دەستنیشانکراوی دەفەرموێت، ئەوەی دەستی ڕاستیم گرت بۆ ئەوەی لەبەردەمی ئەو نەتەوەکان بخەمە ژێر ڕکێفم و پاشایان چەک بکەم، بۆ ئەوەی لەبەردەمیدا دەروازەکان بکەمەوە و دەرگاکان دانەخرێن:
2 "من لەپێشتەوە دەڕۆم و تەپەکان تەخت دەکەم، دەروازە بڕۆنزییەکان دەشکێنم و شەوبەندە ئاسنینەکان دەبڕمەوە.
3 گەنجینەکانی تاریکی و خشڵە شاردراوەکانت دەدەمێ، هەتا بزانیت کە من یەزدانم، خودای ئیسرائیل، ئەوەی بە ناوی خۆتەوە بانگت دەکات.
4 لەبەر یاقوبی بەندەم و ئیسرائیلی هەڵبژاردەم، بە ناوی خۆت بانگت دەکەم و نازناوی چاکم بە تۆ بەخشی هەرچەندە تۆ دان بە مندا نانێیت.
5 من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە، بێجگە لە من خودای دیکە نییە. هەرچەندە دانت بە مندا نەناوە، بەڵام من کەمەربەندی تۆ توند دەکەم،
6 بۆ ئەوەی لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا بزانن بێجگە لە من خودای دیکە نییە. من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە.
7 شێوەکێشی ڕووناکی و بەدیهێنەری تاریکیم، دروستکەری ئاشتی و بەدیهێنەری خراپەم، خودا هەندێک جار ڕێ دەدات کە شتی خراپ ڕووبدەن بۆ بەدیهێنانی مەبەستەکانی خۆی. من یەزدانم دروستکەری هەموو ئەمانە."
8 «ئەی ئاسمان لە سەرەوە، ڕاستودروستییەکەم ببارێنە، با هەورەکان بیپرژێنێت. با زەوی بکرێتەوە و پێکەوە ڕزگاری بەر بگرێت و ڕاستودروستی سەرهەڵبدات؛ من یەزدانم بەدیم هێنا.
9 «قوڕبەسەر ئەوەی کێشە لەگەڵ شێوەکارەکەی دروستدەکات، پارچەی گۆزەیەکە لەنێو گۆزەکانی سەر زەوی. ئایا قوڕ بە گۆزەکەرەکەی دەڵێت: "چی دروستدەکەیت؟" یان دەڵێت: "ئەوەی دروستت کردووە دوو دەسکی نییە"؟
10 قوڕبەسەر ئەوەی بە باوکی دەڵێت: "چ منداڵێکت خستەوە؟" بە دایکەکەشی: "چیت لێ دەبێت؟"
11 «یەزدان، پیرۆزەکەی ئیسرائیل و شێوەکێشەکەی، ئەمە دەفەرموێت: دەربارەی ئەوانەی دێت، ئایا سەبارەت بە منداڵەکانم لێم دەپرسن، سەبارەت بە کاری دەستم، ڕامدەسپێرن؟
12 من زەویم دروستکرد و مرۆڤی سەریم بەدیهێنا. دەستەکانی من ئاسمانی لێککردەوە و هەموو هێزەکانی ئاسمانم پێکهێنا.
13 من کۆرش بە ڕاستودروستی هەڵدەستێنم و هەموو ڕێگاکانی ڕێک و ڕاست دەکەم. ئەو شارەکەم بنیاد دەنێتەوە و ڕاپێچکراوەکانم ئازاد دەکات بەبێ پارە و بەبێ بەرتیل. ئەمە فەرمایشتی یەزدانی سوپاسالارە.»
14 یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «بەرهەمی میسر و بازرگانی کوش و سەبئییە باڵا بەرزەکان بۆ لای ئێوە دەپەڕنەوە و بۆ ئێوە دەبن. لەدوای ئێوەوە بە کۆت و زنجیرەوە دەڕۆن و دەپەڕنەوە بۆ لاتان. کڕنۆش بۆ ئێوە دەبەن و لە ئێوە دەپاڕێنەوە و دەڵێن: "بێگومان خودا لەنێو ئێوەدایە و یەکێکی دیکە نییە، خودای دیکە نییە."»
15 بەڕاستی تۆ خودایەکی خۆت دەشاریتەوە، خودای ئیسرائیل، ئەی ڕزگارکەر.
16 هەروەها هەموو وەستای پەیکەرەکان شەرمەزار و ڕیسوا دەبن، پێکەوە بە سەرشۆڕییەوە دەڕۆن،
17 بەڵام ئیسرائیل بە یەزدان ڕزگاری دەبێت، بە ڕزگارییەکی هەتاهەتایی. شەرمەزار و ڕیسوا نابن هەتاهەتایە.
18 یەزدان ئەمە دەفەرموێت، بەدیهێنەری ئاسمان، ئەو خودایە، شێوەکێشی زەوی و دروستکەری، ئەو دایمەزراند. بەخۆڕایی بەدی نەهێنا، بەڵام بۆ نیشتەجێبوون شێوەی کێشا، دەفەرموێت: «من یەزدانم و یەکێکی دیکە نییە.
19 لە پەناوە قسەم نەکرد، لە شوێنێکی تاریکی زەوی. بە توخمی یاقوبم نەفەرموو، "بەخۆڕایی بەدوامدا بگەڕێن." من یەزدانم بە ڕاستی دەدوێم و ڕاستودروستی ڕادەگەیەنم.
20 «کۆببنەوە و وەرن، ئەی دەربازبووانی نەتەوەکان، پێکەوە وەرنە پێش. نازانن ئەوانەی هەڵیانگرتووە، داری بتە داتاشراوەکانیان، ئەوانەی داوا لە خوداوەندێک دەکەن کە ڕزگار ناکات.
21 ڕایبگەیەنن و وەرنە پێش. با ئەوان پێکەوە ڕاوێژ بکەن. لە کۆنەوە کێ پێشبینی ئەمەی کردووە، لە دێرزەمانەوە ڕایگەیاندووە؟ ئایا منی یەزدان نەبوو؟ بێجگە لە من هیچ خودایەک نییە، خودایەکی ڕاستودروست و ڕزگارکەر بێجگە لە من نییە.
22 «ڕوو لە من بکەن و ڕزگارتان بێت، ئەی هەموو لایەکانی زەوی، چونکە من خودام و یەکێکی دیکە نییە.
23 سوێندم بە گیانی خۆم خوارد، ڕاستی لە دەممەوە هاتە دەرەوە، وشەیەکە و ناگەڕێتەوە، کە هەموو ئەژنۆیەک بۆ من چۆک دەدات، هەموو زمانێک بە من سوێند دەخوات.
24 سەبارەت بە من دەڵێن: "ڕاستودروستی و هێز تەنها بە یەزدانە."» هەموو ئەوانەی ڕقیان لێی هەستاوە بۆ لای ئەو دێن و شەرمەزار دەبن،
25 بەڵام هەموو توخمی ئیسرائیل بە یەزدان ڕاستودروست دەبن و شانازی دەکەن.
