Chapter 2
1 یونس لەناو سکی ماسییەکەوە نزای بۆ یەزدانی پەروەردگاری خۆی کرد،
2 گوتی: «لە تەنگانەمدا هاوارم بۆ یەزدان کرد، وەڵامی دامەوە. لەناو سکی جیهانی مردووانەوە هاوارم کرد، گوێت لە دەنگم بوو.
3 فڕێتدامە قووڵایی، لەناو جەرگەی دەریاکان، لافاو دەوری دام، شەپۆلەکانت بە لێشاو دایانپۆشیم.
4 گوتم: "لەبەرچاوت دەرکرام، بەڵام دەگەڕێمەوە بۆ تەماشاکردنی پەرستگای پیرۆزت."
5 ئاو دەوری دام، تاکو ئەوەی ترس گەیشتە گیانم، قووڵایی دەوری گرتم، گیای دەریا لەسەرم ئاڵا.
6 هەتا بنی چیاکان شۆڕ بوومەوە، بۆ هەتاهەتایە لە زەوی بەندی کردم. ئەی یەزدانی پەروەردگارم، بەڵام تۆ ژیانی منت لە جیهانی مردووان هێنایە دەرەوە.
7 «ئەی یەزدان، کاتێک گیانم شەکەت بوو، تۆم بیرکەوتەوە، نزاکەم گەیشتە لات، بۆ پەرستگای پیرۆزت.
8 «ئەوانەی بتی پووچ دەپەرستن لە خۆشەویستی خودا بۆ خۆیان هەڵدەگەڕێنەوە.
9 بەڵام من بە دەنگی ستایشەوە قوربانیت بۆ سەردەبڕم، ئەوەی نەزرم کردووە بەجێی دەهێنم. ڕزگاری لە یەزدانەوەیە.»
10 ئینجا یەزدان فەرمانی بە ماسییەکە دا، ئەویش ڕشایەوە و یونسی فڕێدایە سەر وشکانی.
