میخا

Chapter 2

1 قوڕبەسەر ئەوانەی بیر لە بەدکاری دەکەنەوە و لەناو نوێنەکانیان پیلان بۆ خراپە دادەڕێژن! کاتێک ڕووناکی بەیان دێت جێبەجێی دەکەن چونکە لە دەستیان دێ.

2 چاویان لە کێڵگەکانە و داگیری دەکەن، هەروەها لە ماڵەکانە و دەستی بەسەردا دەگرن. دەست بەسەر ماڵی خەڵکدا دەگرن، تاکو لە میراتەکەی بێبەشی بکەن.

3 لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت: «ئەوەتا من سەبارەت بەم گەلە بیر لە بەڵا دەکەمەوە، ئەوەی ناتوانن ملتانی لەبەر لابدەن. بە لووتبەرزییەوە هاتوچۆ ناکەن، چونکە کاتی خراپە دەبێت.

4 لەو ڕۆژەدا پەندتان بەسەردا هەڵدەدرێت و شیوەن دەگێڕن و دەگوترێ: "بە تەواوی وێران بووین، بەشی گەلەکەی منی گۆڕیوە. چۆن لێی داماڵین! کێڵگەکانی ئێمەی بەسەر ناپاکەکاندا دابەش کرد؟"»

5 لەبەر ئەوە لەنێو کۆمەڵی یەزداندا کەست نابێت بە گوریسی پێوانە خاکەکە بە تیروپشک دابەش بکات.

6 پێغەمبەرەکانیان دەڵێن: «پێشبینی مەکەن! دەربارەی ئەم شتانە پێشبینی مەکەن، ڕیسواییمان بەسەردا نایەت.»

7 ئەی بنەماڵەی یاقوب، ئایا دروستە خەڵک بپرسێت: «ئایا یەزدان ئارامی لەبەر دەبڕێت؟ یان ئەمە کارەکانی ئەوە؟» «ئایا وشەکانم باش نین بۆ ئەوانەی بە ڕێکی هاتوچۆ دەکەن؟

8 بەڵام لەم دواییەدا گەلەکەم بۆ دوژمنایەتی ڕاپەڕین. ئێوە کراس و کەوا پێکەوە دادەماڵن لەوانەی بە دڵنیاییەوە تێدەپەڕن، وەک ئەوانەی لە جەنگ دەگەڕێنەوە.

9 ژنانی گەلەکەم دەردەکەن لەو ماڵانەیان کە دڵیان پێی خۆشە. بەرەکەتەکەم لە منداڵەکانیان بۆ هەتاهەتایە دەبەیت.

10 هەستن و بڕۆن! چونکە ئەمە شوێنی حەسانەوە نییە، لەبەر ئەوەی گڵاو بوو، وێران بوو، وێرانبوونێکی خراپ.

11 ئەگەر درۆزن و چەواشەکار بێت و بڵێت: "پێشبینیت بۆ دەکەم، سەبارەت بە شەراب و مەی زۆر دەبێت،" ئەوا ئەو دەبێتە پێغەمبەری ئەم گەلە!

12 «ئەی یاقوب، بە دڵنیایی بە تەواوی کۆتدەکەمەوە، بە دڵنیایی پاشماوەی ئیسرائیل خڕدەکەمەوە. یەکیاندەخەم وەک ڕانە مەڕی ناو پشتیر ، وەک ڕانێک لەناو لەوەڕگاکەی، ئەم شوێنە پڕ لە خەڵک دەبێت.

13 کەلێندڕ پێشیان دەکەوێت، دەروازەکە دەشکێنن و لێی تێدەپەڕن و دێنە دەرەوە. پاشاکەشیان لەپێشیانەوە تێدەپەڕێت، یەزدانیش پێشەنگیانە.»