Chapter 113
1 هەلیلویا! ئەی بەندەکانی یەزدان، ستایشی بکەن، ستایشی ناوی یەزدان بکەن.
2 با ستایشی ناوی یەزدان بکرێت، لە ئێستاوە و هەتاهەتایە.
3 لە ڕۆژهەڵاتەوە هەتا ڕۆژئاوا، با ستایشی ناوی یەزدان بکرێت.
4 یەزدان لە سەرووی هەموو نەتەوەکانەوەیە، شکۆمەندی بەسەر ئاسمانەوەیە.
5 کێ وەک یەزدانی پەروەردگارمانە، ئەوەی لە ئاسمان دانیشتووە،
6 ئەوەی دەچەمێتەوە هەتا بڕوانێتە ئاسمان و زەوی؟
7 ئەو هەژار لەناو خۆڵ ڕاست دەکاتەوە، کڵۆڵ لەناو زبڵخانە بەرز دەکاتەوە،
8 بۆ ئەوەی لەگەڵ میران داینیشێنێت، لەگەڵ میرانی گەلی خۆی.
9 ئافرەتی نەزۆک دەکاتە خاوەن ماڵ، دەیکاتە دایکێکی شادمان لەنێو منداڵانی. هەلیلویا!
