زەبوورەکان

Chapter 96

1 گۆرانی بڵێن بۆ یەزدان، گۆرانییەکی نوێ، گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، ئەی هەموو زەوی.

2 گۆرانی بۆ یەزدان بڵێن، ستایشی ناوی بکەن، ڕۆژ بە ڕۆژ مژدەی ڕزگاریی ئەو ڕابگەیەنن.

3 لەنێو نەتەوەکان شکۆمەندی ئەو ڕابگەیەنن، لەنێو هەموو گەلان کارە سەرسوڕهێنەرەکانی.

4 یەزدان مەزنە و شایانی ستایشی زۆرە، سامناکە بەسەر هەموو خوداوەندەکانەوە،

5 چونکە هەموو خوداوەندەکانی گەلان بتن، بەڵام یەزدان ئاسمانی دروستکردووە.

6 شکۆ و سەربەرزی لەبەردەمیدان، هێز و جوانی لە پیرۆزگاکەیدان.

7 ئەی هەموو خێڵەکانی گەلان، ستایشی یەزدان بکەن، ستایشی شکۆ و هێزی یەزدان بکەن.

8 ستایشی ناوی شکۆداری یەزدان بکەن، دیاری بهێنن و وەرنە ناو حەوشەی ماڵەکەی.

9 کڕنۆش بۆ یەزدان ببەن، چونکە شکۆدار و پیرۆزە، ئەی هەموو خەڵکی زەوی، لەبەردەمی بلەرزن.

10 لەنێو نەتەوەکان بڵێن: «یەزدان پاشایەتی دەکات! جیهان چەسپاوە و هەرگیز نالەقێت، بە دادپەروەری حوکم بەسەر گەلاندا دەدات.»

11 با ئاسمان شادبێت و زەوی دڵخۆش بێت، با دەریا و هەرچی تێدایە بخرۆشێن،

12 با کێڵگە و هەرچی تێدایە شاگەشکە بن. ئینجا هەموو درەختەکانی دارستان گۆرانی دەڵێن،

13 لەبەردەم یەزدان، چونکە دێت، دێت بۆ ئەوەی دادوەری زەوی بکات، دادوەری جیهان دەکات، بە ڕاستودروستی، گەلانیش بە دڵسۆزی.