زەبوورەکان

Chapter 80

1 ئەی شوانی ئیسرائیل، گوێ ڕادێرە، ئەی ڕابەری یوسف وەک مێگەل، ئەی ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان لەسەر تەخت دانیشتوویت ، بدرەوشێوە

2 لەبەردەم ئەفرایم و بنیامین و مەنەشە. پاڵەوانیێتی خۆت دەربخە، بۆ ڕزگاریی ئێمە وەرە.

3 ئەی خودایە، بمانگەڕێنەوە، ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.

4 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، هەتا کەی لەسەر نوێژی گەلەکەت تووڕە دەبیت؟

5 تۆ نانی فرمێسکت دەرخوارد داون، فرمێسکت پڕ بە پێوانە پێ نۆشیون.

6 دەمانکەیتە مایەی ناکۆکی لەلای دراوسێکانمان، ناحەزانمان لەناو خۆیان پێمان پێدەکەنن.

7 ئەی خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە، ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.

8 دار مێوێکت لە میسرەوە گواستەوە، نەتەوەکانت وەدەرنا و چاندت.

9 خاکت بۆ ئامادە کرد، ڕەگ و ڕیشەیت داکوتا، زەوی پڕکرد.

10 سێبەرەکەی چیاکانی داپۆشی، چڵەکانی ئورزە گەورەکان.

11 لقی هەتا دەریا هاویشت، پۆپکەکانی بۆ دەم ڕووبار .

12 بۆچی شووراکانیت ڕووخاند تاکو هەر ڕێبوارێک لێی بکاتەوە؟

13 بەرازی دارستان وێرانی دەکات، زیندەوەرەکانی کێڵگە لەسەری دەلەوەڕێن.

14 ئەی خودای سوپاسالار بمانگەڕێنەوە! لە ئاسمانەوە سەیر بکە و ببینە! ئەم دار مێوە بەسەربکەوە،

15 ئەو قەدەی دەستی ڕاستت چاندوویەتی، ئەو کوڕەی بۆ خۆت بەهێزت کردووە.

16 سووتاوە و بە ئاگر بڕاوەتەوە، بە سەرزەنشتی ڕووی تۆ گەلەکەت لەناودەچێت.

17 با دەستت لەسەر مرۆڤی دەستە ڕاستت بێت، لەسەر ئەو کوڕەی مرۆڤ بۆ خۆت بەهێزت کردووە.

18 ئینجا لێت هەڵناگەڕێینەوە، بمانژیێنەوە و بە ناوی تۆوە نزا دەکەین.

19 ئەی یەزدان، خودای سوپاسالار، بمانگەڕێنەوە! ڕووی خۆتمان بۆ بدرەوشێنەوە بۆ ئەوەی ڕزگارمان بێت.